لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال ئەمڕۆ دیکاپریۆ تەمەنی دەبێتە ٤١ ساڵ. ئەو بە فیلمەکانی تایتانیک و گاتسبای مەزن بەناوبانگە. لەساڵی ٢٠٠٤ خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە فیلمی فڕۆکەواندا لە فێستیڤاڵی گۆڵدن گڵۆب بەدەستهێنا. ئەم ئەکتەرە مەزنە تا ئێستا خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئۆسکاری بەدەست نەهێناوە، بەڵام ئەگەری زۆر هەیە ئەمساڵ ئەو خەڵاتە بباتەوە. ئەو فیلمانەی دیکاپریۆی تیادا کاندیدکراوە بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار: یەکەمینجار کە تیایدا دیکاپریۆ کاندیدکرا بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین ئەکتەری لاوەکی لەساڵی ١٩٩٣ لە فیلمی "What's Eating Gilbert Grape" بوو. ئەو تەنها ١٩ ساڵ بوو کە کاندیدکرا بۆ بردنەوەی ئەم خەڵاتە. لە فیلمەکەدا جیلبێرتی ناودار کە جۆنی دیپ ڕۆڵی دەگێڕێت، پێویست دەکات ئاگای لە ئاڕنی برای بێت کە دیکاپریۆ ڕۆڵی دەگێڕێت لەگەڵ دایکە قەڵەوەکەیدا. تاکە کاندید بۆ بردنەوەی ئۆسکار لەم فیلمەدا دیکاپریۆ بوو کە لە فێستیڤاڵەکەدا بە ئەکتەری فیلمی هەڵهاتوو تۆمی لی جۆنس دۆڕا. لە ساڵی ٢٠٠٤دا دیکاپریۆ بەهۆی فیلمی فڕۆکەوانەوە کاندیدکرا بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین ئەکتەر لە ئۆسکاردا. لە فیلمەکەدا دیکاپریۆ ڕۆڵی دەرهێنەر و فڕۆکەوان هاوارد هۆگز دەگێڕێت لەنێوان ساڵانی ١٩٢٠ بۆ ١٩٤٠دا. لەو ساڵەشدا دیکاپریۆ نەیتوانی خەڵاتەکە بەدەست بهێنێت و جەیمی فۆکس توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەر بباتەوە لە فیلمی Rayدا. جارێکی تر دیکاپریۆ لە ساڵی ٢٠٠٦دا لە فیلمی ئەڵماسی خوێناوی کاندیدکرا بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئۆسکار. ئەم ئەکتەرە لەو فیلمەدا ڕۆڵی قاچاخچەیەک دەگێڕێت کە بە دوای ئەڵماسی گرانبەهادا دەگەڕێت لە ئەفریقا. ئەم فیلمە کە بۆ پێنج خەڵاتی ئۆسکار کاندیدکرابوو نەیتوانی هیچ یەک لە خەڵاتەکان بەدەست بهێنێت، لە نێویشیاندا دیکاپریۆ بەرامبەر بە ئەکتەری سەرەکی فیلمی دواهەمین پاشای سکۆتلەندا دۆڕا. لەساڵی ٢٠١٣دا دیکاپریۆ ئەکتەری سەرەکی فیلمی گورگەکەی شەقامی وۆڵ بوو، تیایدا ڕۆڵی جۆردن بێڵفۆڕتی دەبینی. فیلمەکە باس لە ژیانی ئەو کەسایەتیە دەکات کە لە کەسایەتیەکی دەوڵەمەندی خاوەن سامانەوە دەبێتە ئالوودەی مادە هۆشبەرەکان و دەکەوێتە ژێر چاودێری حکومەتەوە. دیسانەوە دیکاپریۆ خەڵاتەکەی نەبردەوە و بە ئەکتەری سەرەکی فیلمی یانەی کڕیارانی داڵاس دۆڕا. ئەم ئەکتەرە تەنها لەبواری نواندندا کاری نەکردووە بەڵکو چەندین ساڵە وەک بەرهەمهێنەری فیلمیش کاردەکات، بەڵام ساڵی ٢٠١٣ یەکەمینجاربوو کاندید بکرێت بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین فیلم کە دەدرێتە بەرهەمهێنەری فیلمەکان. گورگەکەی شەقامی وۆڵ هیچ خەڵاتێکی بەدەست نەهێنا لەساڵی ٢٠١٣دا و دیکاپریۆش خەڵاتەکەی بەرامبەر بەرهەمهێنەری فیلمی ١٢ ساڵ کۆیلایەتی دۆڕاند. ئەمساڵ دیکاپریۆ ئەگەری زۆرە کە خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی لە ئۆسکاردا بەدەست بهێنێت. ئەمساڵ دیکاپریۆ ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە فیلمی "Revenant" و لە دەرهێنانی دەرهێنەری مەکسیکی "ئەلیخاندۆ گۆنزالێس ئیناریتۆ"یە. ساڵی پار ئەم دەرهێنەرە بە فیلمی "Birdman" توانی چەندین خەڵاتی ئۆسکار بەدەست بهێنێت و فیلمەکەی ئەمساڵیش هەڵبژێردراوێکی بەهێزە بۆ بردنەوەی چەندین خەڵات و دیکاپریۆش وەک ڕۆڵی ئەکتەری سەرەکی هەڵبژێردراوی یەکەمە بۆ بردنەوەی ئەو خەڵاتە. سەرچاوە: Goldderby.com