شەوکەت ئەمین سەرۆکی فێستیڤاڵی ئاسیا پاسیفیک دەبێت

11/11/2015    19:30

شەوکەت ئەمین سەرۆکی فێستیڤاڵی ئاسیا پاسیفیک دەبێت 


Cînema

سولی ئۆن وێب

"شەوکەت ئەمین کورکی" سەرۆکی لێژنەی دادوەرانی نۆیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پاسیفیک" APSA ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" دەبێت.

سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" کە ساڵی پار بە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Stone لە ھەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC توانی خەڵاتی "تایبەتی یۆنسکۆ بۆ ھاوبەشی بەرچاو و ھەروەھا پاراستنی جۆری کەلتوورەکان"ی ئەم ڕێوڕەسمە بەدەستبێنێت، بە نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی لێژنەی دادوەرانی بەشی فیلمی دیکۆمێنتاریی، فیلمی گەنجان و فیلمی ئەنیمەیشنی نۆیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا"ی لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا لە ئەستۆدایە و بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ خاتوو "یۆکا ساکانۆ" Yuka Sakano بەڕێوەبەریی ھونەریی و بەڕێوەبەریی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی نێوان فیستیڤاڵە گرنگەکانی سینەمای جیھان، لەوانە: کان، بەڕلین، ڤێنیز، لۆکاڕنۆ، بووسان، مۆنتڕاڵ و ... لە وڵاتی ژاپۆن و ھەروەھا "سام ھۆ" Sam Ho نووسەر، ڕەخنەگر و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ، ١٥ بەرھەمی کۆتایی "ئاسیا پەسیفیک" ھەڵدەسەنگێنن.

"شەوکەت ئەمین کورکی" ساڵی ٢٠٠٧ بە فیلمی سینەمایی "پەڕینەوە لە غوبار" Crossing  the Dust خەڵاتی باشترین دەرھێنانی لە خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" بەدەستھێنابوو و وەکوو ئەندام لە ئاکادیمیای "ئاسیا پەسیفیک" وەرگیرابوو.

ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١١ سیناریۆی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە نووسینی ھاوبەشی "شەوکەت ئەمین" و "مەممەد ئەکتاش" پێش لە دەسپێکردن بە قۆناغی وێنەگرتن، توانی خەڵاتی "باشترین سیناریۆ" لە ئاکادیمیای خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" لە ھەمان ساڵدا بەدەستبێنێت.
خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" دەوڵەتی کۆئینزلەندی ئوستوڕاڵیا بە پشتیوانی یۆنسکۆ و ھەروەھا فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی یەکێتی بەرھەمھێنەرەکانی فیلم (فیاپف) ھەموو ساڵێک بە باشترینەکانی سینەمای "ئاسیا پەسیفیک" دەبەخشێت. مەبەست لە پێشکەش کردنی ئەم خەڵاتانە، ڕێزلێانە لە دەستکەوتە سینەماییەکانی فیلمەکانی ناوچەی "ئاسیا پەسیفیک" و ھەروەھا دروستکردنی بازاڕێکی جیھانیی بۆ فیلمەکان.

ڕێوڕەسمی کۆتایی نۆیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" شەوی پێنجشەمە ٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ لە شاری بریسبان لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوراڵیا بەڕێوەدەچێت و تیایدا سینەماکارانی سەرکەوتووی بەشە جۆراوجۆرەکان، لەوانە: باشترین فیلم، باشترین دەرھێنان، باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن، باشترین سیناریۆ، باشترین فیلمی گەنجان، باشترین ئەکتەری پیاو و ھەروەھا باشترین ئەکتەری ئافرەت لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە دەناسێندرێن و خەڵات بەسەریاندا دابەشدەکرێت.




هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw