سولی ئۆن وێب ئامادەکردنی: لاژە تەها دوێنێ بەرواری ۱٤ی ۱۱ی ۲٠۱٥ سێهەمین فێستیڤاڵی ڕۆشنبیریی و هونەریی ناوەندی ئەندێشە وەکو دەزگایەکی ڕۆشنبیریی ئەهلی دەستی پێکرد، و بۆ ماوەی ۳ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ڕۆژانە کاتژمێر ٢ دەست بە چالاکیەکانی دەکات. کە تێیدا جگە لە بڵاوبونەوەی ٥٠ کتێب، چەند چالاکیەکی هونەری بەڕێووە چوو. چالاکییەکانی یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکە پێکهاتبوو لە بەرهەمێکی میوزیکی هەلۆ غەریب و کریڤان سالار، وتاری ئەندێشە لەلایەن هەژار مەجید، نمایشکردنی کورتە فیلمی ڕیکۆرد لە دەرهێنانی هەوراز محەمەد، هەروەها میران ئەبراهام وتەیەکی پێشکەش کرد لەسەر ڕۆمانی شەوگەڕەکان و ئەزموونی نوسینی، و لۆنا دڵشاد مەریوانی قسەی لەسەر وەرگیڕانی نۆێترین بەرهەمی خۆی، ڕۆمانی کوشتنی باڵندە لاساییکەرەوە کرد، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ٥٠ کتێب بە ئامادە بوونی زۆرێك لە نووسەر و وەرگێڕەکانیان و واژوو کردن لەسەر کتێبەکان. هەر لە یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا نۆێترین ئەلبوومی هونەرمەند بەهجەت یەحیا (گەڵایەکم باهێناومی) و کتێبێك دەربارەی ژیان و کارە هونەرییەکانی بە ناوی بەدوای عەشقا، بڵاوبووەوە بە ئامادە بوونی هونەرمەند و واژووکردن لەسەر بەرهەمەکان. جێی ئاماژە بۆکردنە لەگەڵ ئەوەی کە فێستیڤاڵەکە ناوەندێکی سەربەخۆ و ئەهلی سازیکردبوو بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێنەران و هونەردۆستان ئامادەی فێستیڤاڵەکە بوون، بەو پێیەش ئەم فێستیڤاڵەی ئەندێشە دەبێتە خاڵێکی گرنگ بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین خوێنەر و هونەردۆستان لە بۆنەیەکی کلتوریدا.