پشتیوان کەمال فیلمی "بەختڕەشی میزۆپۆتامیا" لە دەرهێنانی لاوەند عومەری دەرهێنەری کورد لە سینەمای شارەکانی کوردستان نمایش دەکرێت. فیلمەکە باس لە ئەفسانەی کاوەی ئاسنگەر دەکات کە هەموومان چیرۆکەکەیمان لە کتێب و بەسەرهاتی ڕۆژانەوە بیستووە. لاوەند عومەر ئەم چیرۆکەی کردۆتە فیلم و کۆمەڵێک ئەکتەری جیهانییش لە فیلمەکەدا بەشدارن. لاوەند عومەر کە کوردی کوردستانی ڕۆژئاوایە لە گفتوگۆیەکی کورتدا لەگەڵ سولی ئۆن دەربارەی فیلمەکەی قسەیکرد. چی وایلێکردی فیلمێک دەربارەی ئەفسانەی کاوەی ئاسنگەر دروست بکەیت؟ کورد بوون، من وەک کوردێک گەورەبووم کە ئاهەنگی نەورۆزمان لەگەڵ خێزانەکەمدا دەگێڕا. دەربارەی کاوەی ئاسنگەری قارەمان زۆرم بیستووە و خوێندۆتەوە. هەمیشە پێم وابووە کە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە. منیش حەزی زۆرم بۆ فیلمی ترسناک و ئەفسانە هەیە. هەندێک خەڵک پرسیاری ئەوەیان لێکردووم بۆچی من چیرۆکێکی وەک کاوەم هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی بیکەمە فیلم. ئەمە دەمخاتە پێکەنین. چیرۆکی پاشایەک کە بە دەستی شەیتان هەڵدەخەڵەتێ و پاشاکە نەخۆش دەکەوێت و لە شانەکانیەوە مار دێنە دەر کە دەبێت ڕۆژانە مێشکی دوو منداڵیان دەرخوارد بدات، ئایا ئەمە ترسناک نییە؟ من وەک نووسەرێک و دەرهێنەرێک حەز دەکەم تەماشای کارێک بکەم کە سروشتی بێت، یاخود کارێک بکەم کە نەکرابێت. چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر هەرگیز پێشتر لە فیلمێکی درێژدا پیشان نەدراوە، منیش پێم وابوو کە ئێستا کاتی ئەوەیە ئەم چیرۆکە بۆ جیهان بگێڕدرێتەوە. زۆرێک لە فیلمە ترسناکەکان چیرۆکەکانیان زۆر دووبارەن. بەختڕەشی میزۆپۆتامیا شتێکی نوێی پێیە بۆ گێڕانەوە بۆ بینەرانی فیلمی ترسناک، بۆ ئەوانەشی دەیانەوێت زیاتر لەبارەی مێژووی کوردەوە بزانن. دەتەوێت لە فیلمەکەتدا چی بڵێیت کە ئەفسانەکە نەیتوانیووە بیڵێت؟ بەشێوەیەکی گشتی من دەمەوێت سەرنجی بینەران ڕابکێشم. سینەما هەمیشە ناکرێت بەشێوەیەکی جدی هەڵسوکەوت بکات. دروستکردنی فیلم بۆ ئەوەی بینەران کاتێکی خۆشی لەگەڵدا ببەنە سەر گرنگە. تەماشاکردنی فیلم و لەبیرکردنی ژیانی ڕاستەقینە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر ڕەنگە کاتێکی هێمن کەرەوە بە بینەران ببەخشێت. تەنانەت ئەگەرچی فیلمەکە فیلمێکی ترسناکیش بێت. بهێڵە با مێشکت سەفەر بکات بۆ جیهانێکی تر، هەست بکەیت، بیری لێبکەیتەوە، پێبکەنیت، بقیژێنیت. چیرۆکی کاوەم هێنا و دەستکاریم کرد. چیرۆکی فیلمەکەی من لە ئێستا و ڕابردوودا ڕوودەدات، پێنج کەسی نەناس لەڕێگەی خەونێکی ترسناکەوە یەکدەگرن، لەو خەونەدا زەمەن دەگەڕێتەوە بۆ شەش سەد ساڵ پێش زایین و شەیتان دێتە لایان. فیلمەکە دەربارەی زیندووبوونەوەی ڕۆحە، دەربارەی زاڵبوونە بەسەر ترسەکانماندا، دەربارەی شەڕکردنە بۆ ئازادی. کاوە سیمبۆلی ئازادییە لە فیلمەکەمدا. تێکۆشانی ئەو تێکۆشانی میلەتی کورد دەردەخات، ئەو تیرۆرە بەردەوامە و تراژیدیا بەردەوامەی لە ئێستای میزۆپۆتامیادا هەیە پیشان دەدات. پێت وایە فیلمەکەت دەگات بە جیهانی دەرەوە؟ بەڵێ، ئێمە لە ئێستادا کاردەکەین بۆ بڵاوکردنەوەی فیلمەکە لە سەرانسەری جیهاندا. ئەمە جۆرە فیلمێک نییە کە تەنها بگاتە فێستیڤاڵەکان و تەنها لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکی کەمەوە ببینرێت. بەختڕەشی میزۆپۆتامیا بۆ بینەری سەرانسەری جیهان دروستکراوە، هەر لەبەرئەوەشە کە بە زمانی ئینگلیزی فیلمەکە دروستکراوە و کاستێکی جیهانیش لە فیلمەکەدا بەشدارن. مێلیسا مارس "ئەمیرە/شاژنە لەیل" گۆرانیبێژ و ئەکتەرێکی بەناوبانگە، لەگەڵ جۆن تڕاڤۆڵتادا ڕۆڵی بینیووە لە فیلمی "From Paris With Love"، کەریم سەعیدی "پاشا ئەزدەهاک" لە فیلمی "Munich"ی ستیڤن سپیڵبێڕگ ڕۆڵی گێڕاوە هەروەها لە فیلمی براوەی باشترین فیلمی کان "شین گەرمترین ڕەنگە". سەرکەوتنی فیلمی "بەختڕەشی میزۆپۆتامیا" ئەوە دەبێت کە پێمان دەڵێت فیلمی کوردیش دەتوانێت پارە پەیدا بکات، نەک تەنها بردنەوەی خەڵات لە فێستیڤاڵەکاندا. ئەمەش بۆ هەموو دەرهێنەرێک لە ناوچەکەدا گرنگە، ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی کۆمپانیا و بازرگان کە دەیانەوێت لە سینەمادا وەبەرهێنان بکەن، ناکرێت تەنها پشت بە حکومەت ببەستین. دەبێت وەک هونەرمەند گەشە بکەین، بۆ ئەمەش دەبێت کاربکەین. بۆ دەبێت یەکێک پارەکەی لە فیلمێکدا سەرف بکات کە هیچ سودێکی لێ دەست ناکەوێت؟ ئێستا لە کوردستان سینەمامان هەیە، خەڵکی دەچێت بۆ بینینی فیلم و چێژ وەردەگرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی پەیداکردنی سوود، بوونی فیلمێکی کوردیش کە لەڕووی بازرگانییەوە سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت لە جیهاندا ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕانێکی گەورە لە بازاڕی فیلمی کوردیدا. ئەم فیلمە لە دەرەوەی کوردستان بەرهەمهاتووە یاخوود لەناوەوەی کوردستان؟ لە هاوینی ٢٠١٤ دەستمان کرد بە وێنەگرتنی فیلمەکە. پلانمان هەبوو تەواوی فیلمەکە لێرە وێنەبگرین. بەڵام کاتێک دەستمان پێکرد، داعش لە سوریاوە بەرەو عێراق هات. کەس نەیدەزانی کە چیتر هەنگاوەکان بەرەو پێش دەچن. لە ناوەڕاستی ئۆگەستدا، دەبوو لە بەرهەمهێنانی فیلمەکە بوەستین. داعش زۆر لە هەولێرەوە نزیک بوو. هەندێک لە کاستی فیلمەکەم هەوڵیاندا بگەڕێنەوە بۆ ئەوروپا، فڕۆکەش نەبوو، ترسێکی زۆر لە شارەکەدا هەبوو. بەشێوەیەکی لۆجیستی زۆر قورسبوو کە بەردەوامبین لە کارکردن، کاستە بیانیەکەمان و کاستی فیلمەکەمان ڕەوانەی وڵاتی خۆیان کردەوە هەر کە یەکەم گەشتی فڕۆکە دەستیپێکردەوە. ئەمە بووە هۆی ئەوەی پارەیەکی زۆر لەدەست بدەین، هەموو شتێکمان لە هەولێر دروستکردبوو، لۆکەیشنەکان و هەموو شتێکیشمان لێرە بەکرێ گرتبوو. حەوت مانگمان پێچوو تاوەکو وەبەرهێنێکی تر بدۆزینەوە و لە ئەردەن دەستمان کرد بە وێنەگرتن. ئەردەن وڵاتێکی زۆر باش بوو بۆ ئێمە، یارمەتیەکی زۆریان داین، کۆمەڵێک شوێنی مێژوویی گرنگی تێدابوو. دواهەمین ڕۆژی وێنەگرتنمان، کە دواهەمین گرتەی فیلمەکەیە لە قەڵای کەرەک گیراوە، کە قەڵای سەڵاحەدینی ئەیووبییە. من تەنانەت نەشم بیستبوو کە سەڵاحەدین لەوێ قەڵای هەبووە، ئەمەش دەرفەتێکی گەورەبوو بۆ ئێمە. ئەمە فیلمێکی سەربەخۆیە و خۆی پارەی خۆی پەیدا دەکات، هیچ حکومەت و ستودیۆیەک یارمەتی دروستبوونی ئەم کارەی نەداوە، فیلمەکە لەلایەن کۆمپانیاکەی خۆم بەناوی دیبۆ بەرهەمهاتووە، لەگەڵ هەریەکە لە کۆمپانیاکانی "Visual K" لە هەولێر و "Mena Film" لە ئەردەن.